کوردی |
ژن، ژیان، ئازادی مەنشوری خواستە لانی کەمیەکانی ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنیە سەربەخۆکان لە ئێران جەماوەری شەرافەتمەند و ئازادی ئێران! لە چلوچوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩دا، شیرازەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵات هێندە نغرۆی قەیران و لێکترازان بووە کە لە چوارچێوەی سەرخانی سیاسی ئێستادا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون و قابیلی وەدیهاتن بۆ دەربازبوون لێی نابینرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە خەڵکی ستەملێکراوی ئێران – ژنان و لاوانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز بە گیانبازیەکی بێ وێنەوە شەقامی شارەکانیان لەسەرانسەری وڵاتدا کردۆتە ناوەندی نەبەردێکی مێژویی و چارەنووسساز بۆ کۆتاییهێنان بەو هەلومەرجە نامرۆڤانەیەی ئێستا. ئەم نەبەردە لە پێنج مانگ لەمەوبەرەوە، سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی حکومەت یەک چرکەش ئارامی نەگرتووە. ئاڵای ناڕەزایی ڕیشەیی کە ئەمڕۆ لەلایەن ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان، کارگەران، چالاکوانانو هونەرمەندان، کویرەکان Queers ، نووسەرانو جەماوەری ستەملێکراوی گشتیی ئێران، لە هەموو شوێنەکانی وڵات، لە کوردستانەوە تا سیستانو بەلوچستان بەرزکراوەتەوە و پشتیوانییەکی بێ وێنەی نێودەوڵەتی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، خەباتێکە لە دژی ژندوژمنیو چەوساندنەوەی ئایینیو نەتەوەییو شۆڕشێکە لە دژی هەموو جۆرەکانی سەرکوتگەریی ئایینی یان نائایینی کە بەسەر ئێمەدا- زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران– زیاتر لە سەدەیەکە داسەپێنراوە. ئەم ناڕەزاییە سەروژێرکەرانە لە چوارچێوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە گەورە و مۆدێرنەکان کە وڵاتیان گرتووەتەوە، خەمڵیون. ئەمانە سەرهەڵدانی نەوەیەکن کە مل بە شکست نادات، نەوەیەک کە بڕیاری داوە کۆتایی بە سەدەیەک لە دواکەوتوویی مێژوویی بهێنێت و خاڵی کۆتایی بۆ پەراوێزخستنی ئارمانجەکانی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و ئاوەدان و ئازاد لە ئێراندا دابنێت. پاش دوو شۆڕشی مەزن لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا، ئەوەتا بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە مەزنە پێشکەوتنخوازەکانی کارگەران، مامۆستایان، خانەنشینان، جووڵانەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان، خوێندکاران، لاوان و جووڵانەوەی دژە سزای لەسێدارەدان…. هەرئێستا لە مەودایەکی جەماوەریداو لە خوارەوە لە پێگەیەکی کاریگەرانەی مێژووییو چارەنوسسازدا بۆ شێوەبەخشین بە پەیکەرەی سیاسیو ئابووریو کۆمەڵایەتی وڵات، وەستاون. هەر لەم ڕووەشەوە ئەم بزووتنەوەیە خەریکە بۆ هەمیشە کۆتایی بە پێکهاتنی هەر چەشنە دەسەڵاتێک لە سەرەوە بهێنێتو دەستپێکی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیو مۆدێرنو مرۆڤدۆستانە بێت بۆ ڕزگارکردنی خەڵک لە هەموو جۆرەکانی ستەمو هەڵاواردنو چەوساندنەوەو سەرکوتو دیکتاتۆرییەت. ئێمە، ڕێکخراوە پیشەییو مەدەنییەکان، واژۆکارانی ئەم مەنشورە بە چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان بۆ یەکگرتنو پێکبەستنەوەی جووڵانەوە کۆمەڵایەتیو خواستدارەکان و چەقگرتن لەسەر خەبات بۆ کۆتایی هێنان بەو دۆخە نامرۆڤانە و وێرانکەرەی ئێستا، وەدیهاتنی ئەم خواستە لانی کەمانەی خوارەوە وەک یەکەمین فەرمانەکان و دەرئەنجامی خەباتە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئێران بە تاکە ڕێگا بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی نوێ و مۆدێرن و مرۆڤدۆستانە لە وڵاتدا دەزانین. داوا لە هەموو ئەو ئینسانە شەرافەتمەندانە دەکەین کە دڵیان بۆ ئازادی و یەکسانی و ڕزگاری لێدەدات، جا چ لە کارگەکاندا بن، لە زانکۆکان یان قوتابخانەکان یان لە گەڕەکەکان، یاخود لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی، کە ئاڵای ئەم خواستانە لە بەرزاییەکانی قولەی بەرزی ئازادی بشەکێننەوە. خواستەکانمان بەم شێوەیەن: ١/ ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، قەدەغەکردنی هەر جۆرە بەتاواندانانێکی چالاکی سیاسی، سەندیکایی یان مەدەنی، و لێپێچینەوەی گشتی لە تاوانبارانو دەسەڵاتدارانی بەرپرسیار لە سەرکوتی ناڕەزاییەکانی خەڵک. ٢/ئازادی بێ قەیدوشەرتی بیروباوەڕ، دەربڕینو بیرکردنەوە، ڕۆژنامەگەری، پێکهێنانی حزبی سیاسی، دامەزراندنی سەندیکاو ڕێکخراوە جەماوەریە لۆکاڵیو سەراسەرییەکان، گردبوونەوە، مانگرتن، ڕێپێوان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانو میدیای بینراو و بیستراو. ٣/ هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی هەر جۆرە سزایەکی مەرگ، لەسێدارەدانو قەساس و قەدەغەکردنی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی دەروونیو جەستەیی. ٤/ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی یەکسانی تەواوەتی ژنان و پیاوان لە هەموو بوارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و خێزانییەکاندا، لابردنی بێ مەرج و هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاساو عورفانەی کە جیاکاری لە دژی مەیلو ئاراستە سێکسی و جەندەریەکان دەکەن، دانپێدانانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە LGBTQ+، بێ تاوانکردنی هەموو ئاراستە سێکسییەکان، و دانپێدانانی بێ مەرج بە مافەکانی هەموو ژنان بۆ کۆنترۆڵکردنی جەستەیانو چارەنووسیانو ڕێگریکردن لەهەر جۆرە کۆنترۆڵکردنێکی پیاوسالارانە بەسەریاندا. ٥/ ئایین کارێکی تایبەتی تاکەکانەو نابێت ڕێگا بدرێت لە یاساو نۆرمە سیاسیو ئابووریو کۆمەڵایەتیو کولتوورییەکانی وڵاتدا دەستتێوەردان بکاتو ئامادەیی هەبێت. ٦/ دابینکردنی سەلامەتی لە کاردا، ئاسایشی کار، زیادکردنی دەستبەجێی کرێی کارگەران، مامۆستایان، فەرمانبەرانی حکومیو هەموو زەحمەتکێشانی کارکەر و خانەنشینان بە ئامادەییو بەشداریکردنو ڕەزامەندی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ڕێکخراوە سەربەخۆو سەرتاسەرییەکانیان. ٧- هەڵوەشاندنەوەی هەر یاساو نۆرمێک کە لەسەر بنەمای جیاکاریو چەوساندنەوەی نەتەوەییو ئایینی بێت، دانانی ژێرخانی پاڵپشتی گونجاو بۆ دابەشکردنی یەکسانی سامانی دەوڵەت بۆ گەشەپێدانی ڕۆشنبیریو هونەر لە هەموو ناوچەکانی وڵاتداو دابینکردنی ئاسانکاری پێویستو یەکسان بۆ فێربوون و فێرکردنی هەموو زمانە قسەپێکراوەکان لە کۆمەڵگادا. ٨/ هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانەکانی سەرکوت، سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتو بەشداریکردنی ڕاستەوخۆو هەمیشەیی خەڵک لە کاروباری وڵات لە ڕێگەی شورا لۆکاڵیو سەراسەریەکانەوە. لابردنی هەر کاربەدەستێکی حکومی یان ناحکومی لەلایەن دەنگدەرانەوە لە هەر کاتێکدا، پێویستە وەک مافە بنەڕەتییەکانی دەنگدەران بناسرێت. 9- دەستبەسەرداگرتنی موڵکو ماڵی هەموو کەسانی ڕاستەقینە یان یاساییو هەموو دامەزراوە دەوڵەتی، نیمچە دەوڵەتی یان تایبەتەکان کە ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی دەوڵەتەوە تاڵانیان کردووە موڵکو سامانی کۆمەڵایەتی خەڵکی ئێرانیان بەتاڵان بردووە. داهاتی ئەم جۆرە دەستبەسەرداگرتنە پێویستە دەستبەجێ بۆ مۆدێرنیزاسیۆنو نوێکردنەوەی پەروەردە، سندوقی خانەنشینی، ژینگە، و پێداویستییەکانی ناوچەو چینو توێژەکانی خەڵکی ئێران کە لە سەردەمی هەردوو ڕژێمی جمهوری ئیسلامیو پاشایەتیدا بێبەش بوونو لە سەرچاوەی کەمتر بەهرەمەند بوون. ١٠/کۆتاییهێنان بە وێرانکردنی ژینگە، جێبەجێکردنی سیاسەتی بنەڕەتی بۆ نوێکردنەوەی ئەو ژێرخانە ژینگەییانەی کە لە سەدەی ڕابردوودا لەناوچوون. گەڕانەوە بۆ خاوەندارێتی گشتی ئەو بەشانەی ژینگە (وەک لەوەڕگە، کەنار دەریا، دارستان و بناری گردەکان) کە لە ژێر پەردەی تایبەتکردندا مافی گشتی سەبارەتیان زەوت کراوە. 11. قەدەغەکردنی کاری منداڵانو دابینکردنی بژێوی و پەروەردە بۆ هەر منداڵێک بەبێ گوێدانە بارودۆخی ئابووریو کۆمەڵایەتی خێزانەکانیان، دابینکردنی خۆشگوزەرانی گشتی لە ڕێگەی یارمەتی بێکاریو یارمەتی کۆمەڵایەتی تەسەل بۆ هەموو ئەو کەسانەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی بۆ کارکردن یان توانای کارکردنیان نییە. دابینکردنی خوێندنو چاودێری تەندروستی بێبەرانبەر بۆ هەموو خەڵک. 12. ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکان لە بەرزترین ئاستدا لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای دادپەروەریو ڕێزگرتنی یەکترو قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمیو هەوڵدان بۆ ئاشتی جیهانی. بە تێڕوانینی ئێمە ئەم خواستە لانی کەمانەی سەرەوە، بە بوونی سەرچاوەی زانراو و یەدەکی سروشتی ژێرزەوی لە وڵاتدا، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی گەلێکی هۆشیارو بەهرەدار، هەروەها بەبوونی نەوەیەک لە گەنجو نەوجەوان کە پاڵنەری زەوەندیان بۆ دابینکردنی ژیانێکی بەختەوەرو ئازادو ئاوەدان هەیە، دەکرێت دەستبەجێ بەدیبهێنرێنو جێبەجێ بکرێن. داواکارییەکانی ناو ئەم مەنشورە، تەوەرەی گشتیی خواستەکانماننو پێویست ناکات بگوترێ کە لە درێژەی خەباتو هاوپشتیماندا، هەوڵدەدەین بە وردی زیاتر .خواستەکانمان بخەینە ڕوو. واژۆکاران
|